ڕێکخراوی جیهانی کورد لە پێناو چیدا؟
بۆ پێکهێنانی هەر ڕێکخراوە و دامەزراوەیەک دوو مەرجی سەرەکی واتە کات و شوێن هاوتەریب لە گەڵ پێداویستییەکان و پێویستییەکاندا شیاوی لێکۆڵینەوە و لێوردبوونەوەن.
بەر لە خوێندنەوەی دۆخی کات وشوێن وگەڕان بەدوای پێداویستییەکاندا، باشتر ئەوەیە کە بگەڕێینەوە بۆ سەرەتای بابەتەکە وبۆ ڕابردویەکی دوورتر،ئەوکاتانەی کە مرۆڤەکان بەدوای ڕاستەقینەکانەوە بوون و هێشتا بیریان لە ساختەکاری وفرتوفێڵ و هەروەهارێوشوێنی فرەچەشنە بۆ گەیشتن بە ئاسایش وخۆشگوزەرانی نەدەکردەوە.
هەر لە کۆنەوە،مرۆڤ لەسەر ئەو باوەڕەبوو کە ژیان بۆ ئەو، خوولانەوەی لە بازنەیەکدایە و دەبێت ئەوەندە رووداوەکانی ژیان دووپات بکاتەوە تابگاتە لووتکەی مەعریفەت سەرفەرازی.
سەرفەراز بوونی ڕووح چییە؟ ئەمە پرسیارێکی فەلسەفییە و ئەرکی ئەو بابەتە نییە.
کەسانی خاوەن هزر لەم بارەوە شتی زۆریان وتووە و تاکاتێک تێگەیشتنی مرۆڤ نەگاتە مەعریفەت، ناچارە لەدەوری ئەم بازنەیەدا بسوڕێتەوە.دەکرێ ئەم هزرە لە جیهان بینییەکانی میترائیسم، زروانیسم، هەندویسم، بودیسم و لە ئیستادا دەتوانین لە بیری ئایینی یارسان، ئیزەدی، دوروزی وعەلەویدا ببینێوە.
چەشنی ئەم هزرە خاوێنە سەبارەت بە نەتەوەکانیش دەگوونجێت،نەتەوەیەک کە نەگاتە لوتکەی سەرفەرازی و مەعریفەت، لەو بازنەیەدا ئاسێ دەبێت و بە دووپات بونەوەی مێژووەکەی، سزا دەدرێ. مێژوویەکی پڕلە شکست، وێرانی، ژێنۆساید، کۆمەڵکوژیی، داگیرکاری و ژێردەستەیی.
بەڵام پرسیارێک کە بەرەو ڕووی ئێمە دەبێتەوە ئەوەیە کە مانای ئاستی وشیاری،پێگەیشتن وسەرفەرازی نەتەوەیی چۆن پێناسە دەکرێ؟
پێناسەی نەتەوەیی ڕوونە، بە کۆمەڵێک لە مرۆڤەکان دەوترێت کە خاوەنی خاکێکی هاوبەش، مێژووێەکی هاوبەش، زمانێکی هاوبەش، کلتورێکی هاوبەش وبەستێنێکی دەرونی هاوبەش بن.
بەڵام نەتەوەیەک چۆن دەگاتە مەعریفەت وسەرفەرازی تا بتوانێت لە بازنەی دووپات بوونەوە ڕزگاری بێت. لە زمانی ئاکادیمیدا ژینگە و هزری یەک نەتەوە و قۆناغەکانی پەرەسەندنی لە چوارچێوە جیاوازەکاندا خۆی دەگرێت و لە گۆشەنیگاگەلێکی زۆرەوە خوێندنەوەی بۆ دەکرێت. بەڵام لەسەر بنەمای دابەشکردنی “کاستلز” لە گروپە شۆناسییەکاندا دەکرێ سێ هێڵی شۆناسی جیاواز لەسەر بنەمای چۆنێتی کارکردەوە جیا بکرێتەوە.
یەکەم شۆناسی بەرخۆدان و خۆڕاگری
شۆناسی بەرخۆدان هەمان شۆناسە کە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی بزوتنەوە ڕزگاریخوازەکانی نەتەوەیی، کە نەتەوە بندەستەکان،مەزهەب،ئایین و ڕەگەزە ژێردەست و ستەم لێکراوەکان وا لێدەکات بۆ گەییشتن بەئازادی ویەکسانی بەرگری و بەرخۆدان بکەن. لە خوێندنەوەیەکی دیکەدا هەروەک “ئەروین گافمەن دەڵێت” شوناسی بەرخۆدان” کاردانەوەی” ستەم لیکراوەکانە بۆ ڕزگاری لە زۆرداری و دەسەڵاتی هەژمۆنی خواز. شۆناسی بەرخۆدان، وەڵامە بە پرسیاری من کێم؟ گروپێک لە مرۆڤەکان کەبەهەر هۆکارێک لەلایەن دەسەڵاتەوە پەراوێز خراون و بێ بایەخ سەیر دەکرێن.
دووهەم شۆناسی ڕەواییپێدان
شۆناسی ڕەواییپێدان لەلایەن ڕێکخراوەگەلی وەک بنەماڵە، کۆمەڵگە، دەوڵەت،دامەزراوە ئایینییەکان و سەردەمی زانیارییەکان پێکهاتووە و بە گروپێک لە مرۆڤەکانی کۆمەڵگە نوێیەکان دەڵێن کە قۆناغی شۆناسی بەرخۆدانیان دەربازکردووە و وەک گروپێکی سەربەخۆ خۆیان بە جیهان ناساندووە و ئەم چەشنە پێکەوەبوونە دیمەنێکی عەقڵانی بە خۆیەوە گرتووە.
سێهەم شۆناسی بەپلان:
بەڵام سەبارەت بە شۆناسی پلاندار پێویستە بوتریت کە ئەگەر چالاکانی کۆمەڵایەتی بتوانن بەکەڵک وەرگرتن لە داب ونەریت و بەرژەوەندییە کلتورییەکان لە پاشەکەوتی ئایینی، نەتەوەیی و ڕەگەزی و کلتوری خۆیان، شۆناسێکی نوێ دروست بکەن کە خوێندنەوەیەکی نوێی لە پێگەی ئەوان دروست بکات، شۆناسی پلاندار دەخوڵقێت. شۆناسی پلاندار دەتوانێت ئەوەندە کاریگەر بێت کە ببێتە هۆی گۆڕانی کۆمەڵگا.
ئەگەر ئەم پێناسانەی سەرەوە وەک ئاستی گەییشتنی نەتەوەیەک بە سەرفەرازی چاولێبکەین و وەک تێپەربوونێک لە شۆناسی ڕەوایی بۆ نێو شوناسی پلانداری بزانین، ئەوکات پێداویستییەکانی ئەم بابەتە بە ڕوونی خۆیان دەردەخەن.
ئەمە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە ئێمە وەک نەتەوەی کورد هێشتا لە قۆناخی یەکەم واتە شۆناسی بەرخۆدان داین و بۆ دەرباز بوون لەم قۆناخە دەبێت لە ژێر داگیرکاری وەڵاتە دەستکردەکانی ناوچەکە رزگارمان بێت و خۆمان ببینە خاوەنی نیشتمانی داییکی خۆمان و ئەم قۆناخە یەکێک لە قۆناخە هەرە گرینگەکانی گەییشتن بە لووتکەی سەرفەرازی نەتەوەییە. لێرەدا ئەم پێویستییە دروست دەبێت و دەپرسین: نیشتمانی دایکی ئێمە کوێیە؟
تائیستاشی لەگەل بێت ئێمە وەک باب وباپیرانمان خاکەکەمان وەک هاوبەش نەک وەک خاوەن، سەیردەکەین، لەکاتێکدا لەسەردەمی تێکنۆلۆژیا و لە ئارادابوونی کەرەسەی پێشکەوتوو دەتوانرێت بە کەمترین گیروگرفت زۆربەی ئامانجەکان دابیین بکرێن.
پێشینیان، بۆ وێنە شەرەف خانی بەدلیسی، نەخشێیەکی بە نرخی لە چەند سەدەی ڕابردووەوە بۆ ئێمە بەجێ هێشتووە و جیگای سەرنجە و دەبێ بتوانین لەو سۆنگەوە شەڕی زۆر جێگای، بەتایبەت لە نەتەوەیەکگرتووەکاندا پێوە بکەین.
یەکەم پێداویستی: نیشتمانی دایکی ئێمە واتە کوردستان کوێیە؟ سنوورەکان وپانتاییەکەی چەندە و لە کام بەشی جوگرافیای گۆی زەوی هەڵکەوتوە؟
لە جیهانێکدا کە سەرچاوە سروشتییەکان و داهاتی نەتەوەکان ولەهەمووی گرینگتر ئاوی ئەو وڵاتە و هێزی کار و بەرهەمەکانی، پێگەی خەڵک و وڵاتەکەیان لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا دیار دەکات، ئێمە چەندە لەبواری سەرچاوە و هێزی کار وبەرهەمەکانمان زانیاریمان هەیە؟
لە جیهانێکدا کە وەڵامدانەوەی سڵاوەکەت و بە هێندگرتن، بەپێی بەرژەوەندییە ئابوری و هتد، چەندە توانیومانە گرینگ بوون و بەرژەوەندی وڵاتی کوردستان یان بەش،بەشی ئەو وڵاتە بۆ وەڵاتانی دیکە ڕوون بکەینەوە؟
لە جیهانێکدا کە دەسەڵاتی یاساناسەکان ولۆبییە شاراوەکان زاڵە و هەمووشتێک لە ژیر چاوەدێری و بریاری ئەوان دایە، ئێمە چەندە لەم یارییەدا شارەزاین؟ ئایا یاسای یارییەکان دەزانین؟
هەزاران پرسیاری بێ وەڵامی دیکە و دنیایەک نیاز و پیداویستی و دووبارە پرسیاری دیکە. کێ و چ کەسانێک بەرپرسیارن و وەڵامی ئەو پرسیارانە دەدەنەوە؟
وەڵامی ئاشکرا بەو پرسیارانە روونە و ئەوە رۆناکبیران و تێکۆشەرانی خاوەن هزری کوردن کە دەبێ بەرپرسیار بن.
پرسیارێک لێرە دێتە ئاراوە کە ئایا بۆچی زۆربەی ئەو بلیمەتە کوردانە کە لە زانکۆ بەناوبانگەکانی جیهاندا خوێندویانە و خاوەن بڕوانامەی بەرزن، چالاکیەکانیان یان دیار نییە یان ،خۆیان لە پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەکان بەدور گرتوە؟
زۆر پێویستە بلیمەت و ڕۆناکبیرانی نەتەوەیی هەوڵی دامەزراندی ڕێکخراوەیەک بدەن کە بتوانێت لە نێوخۆیدا بەبێ هیچ بەستراوەیەکی سیاسی و بێ هیچ هێڵێکی سوور چالاکی ئەنجام بدات.
ئەگەر بمانەوێت لەسەر پێویستییەکان قسە بکەین پێنووس لە نووسین دەکەوێ و خوێنەر ماندوو دەکات. پرسیار ئەوەیە کە بۆچی لەم کاتەدا و بۆ لە ئەورووپا؟
لەکاتێکدا کە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست لەدوای شەڕی یەکەمی جیهانی وەک بورکانێک دەکوڵێت ودەوڵەتە دەستکردەکانی ناوچەکە ئاسایشی خەڵک و جیهانیان خستووەتە مەترسییەوە و چاویان بڕیوەتە وەلاتانی دیکە ، دەتوانین شیمانەی گۆڕانکاریی لەم وەڵاتانەدا بکەین؟
لە لایەکی دیکەوە پارتە کوردییەکان لە باشترین دۆخدا خەریکن هەمان ڕابردووی خۆیان، واتە خولانەوە لە بازنەیەکدا بەتاقی دەکەنەوە، دووپات دەکەنەوە و بەرژەوەندی نەتەوەیی دەکەنە قوربانی بەرژەوەندی تەسکی حیزبی. بە بڕوای ئێمە کاتی ئەوە هاتووە کە دوور لە ئایدۆلۆژیای و ئایین و جیاوازی زاراوە و هتد…، ڕێکخراوەیەک بە گەورەیی دڵی گەلی کوردستان و بە هزرێک بە بەرزی چیا سەرکێشەکانی کوردستان بونیاد بنرێت تا پێشهاتەکان بکاتە دەرفەت بۆ گەیاندنی گەلی کورد بەسەرفەرازیی نەتەوەیی وکورد لە دۆخی دووپات بوونەوەی مێژوو و خوولانەوە بە دەوری خۆیدا، دەربازبکات.
بۆچی لەئەورووپا؟
دەتوانین بڵێین کە یاسا بنەڕەتیەکان و گۆڕەپانی کراوە بۆ چالاکی لە وەڵاتانی ئەورووپایی بەستێنێکی باشن بۆ لێکۆڵینەوە بەدواداچوون بۆ گەشەکردن لە بوراەکانی جۆراوجۆر کولتوریدا. دەبێت بوترێت کە ڕێژەیەکی بەرچاو لە چالاکانی کورد لە وڵاتانی ئەورووپایدا ژیان دەکەن و دەتوانن بەبێ ترس ودڵەڕاوکێ وبەبێ ئەوەی بکەونە داوی ڕژیمە سەرکووتکەرەکانەوە، یاریدەدەری ئەم پرۆژە نەتەوەییە بن.
لە کۆتاییدا پێویستە بوترێت کە هەر وەک چۆن مرۆڤ دەبێت بە تێکۆشان لە ڕێگەی ڕاستدا خۆی بە ئاستی سەرفەرازی بگەیەنێ و لە بازنەی دووپات بوونەوە ڕزگاری بێت، نەتەوەی کوردیش دەتوانیت بە هاوکاری و خاوەندارییەتیکردن لە بەها نەتەوەییەکان ببنە ڕۆحێکی یەکگرتوو بۆ جەستەی رێکخراوەی “ڕێکخراوی جیهانی کورد”
“رێکخراوی جیهانی کورد” داوای هاوکاری لە هاونیشتمانانی کورد لە هەر چوار سوچی جیهان دەکات، بەتایبەت ئەوکەسانەی کە لەبواری کولتوری، ئەدەبی، مێژوو، زانستە کۆمەڵایەتیەکاندا شارەزاییان هەیە.
ئەمڕۆ رێکخراوی جیهانی کورد دەیهەوێت بە یارمەتی هەموو کەسانی بەتوانا لە بوارەکانی جیاوازدا، ئەم ئاڵایە هەڵ بگرێ کە ئەنجامەکەی ببێتە سەرفەرازی گەلی کوردستان.