سمیناری "کرماشان، ئیلام و لوڕسان، وەرەو بانان"
ڕۆژی شەمە ٢٥ی ژانڤیەی ٢٠٢٥ هاوکات بوو لەگەڵ بەڕێوەچوونی سێمینارێک تایبەت بە بەشی خوارووی کوردستانی ڕۆژهەڵات کە لەلایەن ڕێکخراوی جیهانی کورد و لە شاری ستۆکهۆلم بەڕێوە چوو.
بەناوی ڕێکخراوی جیهانی کوردەوە سپاس و پێزانینی خۆمان پێشکەشی هەموو بەشداربووان، مامۆستایان، ڕۆشنبیران،
لێکۆڵەران و کەسایەتیی سیاسی و نوێنەری ئەحزاب دەکەین کە لەو سێمینارەدا ئامادە بوون و یارمەتیدەر بوون بۆ دەوڵەمەندتربوونی ناوەڕۆکی کۆڕەکەمان.
بەڕێزان، پشتگیری و بایەخدانتان بەو بانگهێشتە جێگای شانازییە بۆ ئێمە وەکوو بەڕێوەبەرانی سێمینارەکە، هەر بۆیە سەری ڕێز لە بەرامبەرتان دادەنەوێنین و بە کارێکی بەرزی دەنرخێنین.
ئێمە لە گرتنی ئەو سێمینارە کە چەندین پەنێلی هەبوو بە ناوەکانی "مێژوو و فەرهەنگ و ئایین لە کرماشان و ئیلام و لوڕسان، پرسی خاک و ژێئوپۆلێتیکی کرماشان و ئیلام و لوڕسان، سیاسەتی کوردستانی بەرەو ژینگەی هێز لە کرماشان و لوڕسان و ئیلام و پەنێلی سیاسی واتا ڕوانگەی ئەحزاب لەبارەی کرماشان و ئیلام و لوڕسان" چەندین ئامانجمان هەبوو، وەکوو:
نێزیککردنەوە و لە بەرامبەر یەکدی دانانی ڕؤشنبیران و کەسایەتییە سیاسییەکان بۆ لێکنێزیکبوونەوە و لێکتێگەیشتن لەبارەی پرسی بەشی خوارووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
ئاگادارکردنەوەی ئەحزاب لە داخوازییەکان و هەروەها پوتانسیێلەکانی ناوچەکانی کرماشان، ئیلام و لوڕسان.
زەقکردنەوەی ئەوەی کە بەشی خوارەوەی کوردستان هاوچارەنووسە لەگەڵ ئەو باقی بەشەکانی دیکەی کوردستانی ڕۆژهەڵات.
خستنە ڕۆژەڤی پرسی نووستووی کرماشان و ئیلام و لوڕسان بۆ ئەوەی کە سیاسییەکان و هەروەها ڕۆشنبیرانی کوردستان و هەروەها ڕاگەیاندن و دونیای مەجازی یان سۆشیاڵ میدیا بە شێوەیەکی جیددی کاری لەسەر بکەن.
هیوادارین توانیبێتمان هەموو یان بەشێک لەو ئامانجانەمان بپێکین و لەمەبەدواوە لە کۆر و کۆبوونەوەکان و هەروەها لە دونیای پراتیکی ئەحزابدا بەکردەوە ڕەنگدانەوەی ببینین.
لە کۆتاییدا جارێکی دیکە سپاس و پێزانینی خۆمان وەکوو ڕێکخراوی جیهانی کورد لە بەرامبەر هەموو ئەوانەی کە بە ئامادەبوونی خۆیان پشتگیری ئێمە بوون؛ ڕادەگەیەنین و دەڵێین یارمەتیتان هەنگاوێکی گەورەیە بۆ بەرزڕاگرتن و پەرەپێدانی پرسی شوناس لەو بەشە دانەبڕاوەی کوردستان.
لە کۆتاییشدا پێویستە بگوترێ، بهڕێوهبردنی ئاوهها کۆڕێک دهیان لهمپهری گهوره و بچووکی ههیه و به بێ ئازایهتی و خهمخۆری و کۆڵنهدان جێبهجێ نهدهکرا و دڵنیاتان دەکەینەوە کە بە ئاگاداری و زانیارییەوە خۆمان خستۆتە بەر ئەو کەشوهەوایە و ئامادەشین بۆ گوێگرتنی هەموو پێشنیار و ڕەخنەیەکی بەجێ و پاڵنەر کە دەتوانن بەو مەیلەی خوارەوە بینێرن.
سپاس
ڕێکخراوی جیهانی کورد